هەناردەی ئوردن بۆ سووریا 500% زیادی کردووە
بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی بازرگانیی دەرەوەی ئوردن بڵاوی کردووەتەوە، هەناردەی ناوخۆی ئوردن بۆ سووریا، لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی 2025دا، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، نزیکەی 500% زیادی کردووە.
وەزارەتی بازرگانیی دەرەوەی ئوردن، ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهای هەناردەی ئوردن بۆ سووریا لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 72 ملیۆن دیناری ئوردنی بووە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2024دا 13 ملیۆن دینار بووە.
ڕوونیشی کردووەتەوە، چیمەنتۆ لە پێشەنگی لیستی هەناردەکراوەکاندا بووە، زیاتر لە شەش هەزار و 158 بارهەڵگر چیمەنتۆ گوازراوەتەوە بۆ سووریا.
هەروەها تەنیا لە دەروازەی جابر-نوسەیب نزیکەی 14600 بارهەڵگری کاڵای ئوردنی پەڕیوەتەوە سووریا.
ئەم گەشەکردنە لە کاتێکدایە ڕێککەوتنە ئابوورییە نوێیەکان و هەنگاوێکە بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای هەماهەنگی نێوان عەممان و دیمەشق، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانە لە بوارەکانی بازرگانی، وزە، گواستنەوە و ئاو.
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات، پێش سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011دا 800 ملیۆن دیناری ئوردنی تێ دەپەڕاند، بەڵام لە ساڵی 2020، بۆ 56 ملیۆن دینار نزم بووەوە.
لە بەرانبەردا هاوردەی ئوردن لە سووریاوە بۆ 12 ملیۆن و 900 هەزار دینار دابەزیوە.