بەرهەمی سپیاتی ناوخۆ بازاڕەکانی تەنیوە

بازاڕی سەرەکی دهۆک، بەرهەمی سپیاتی ناوچەکانی کوردستانی تێدا دەفرۆشرێت، هاووڵاتییانیش دەڵێن، ئەگەر بەرهەمی سپیاتی ناوخۆ هەبێت، بەرهەمی بیانیی ناکڕین.

سه‌باح كۆچه‌ر، هاووڵاتی دهۆکە و دەڵێت: بەرهەمی سپیاتی ناوخۆ چێژی زۆر زیاترە لە بەرهەمی بیانی، موسڵح ئه‌سكه‌نه‌دەریش هاووڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت: ئەو بەرهەمەی بە دەستی خۆمان دروست دەکرێت زۆر بەچێژترە لە بەرهەمی بیانی کە ماددەی پارێزەر(مەواد حافیزە)ـیان تێدایە.

گه‌هین محه‌مه‌دی دوکانداری فرۆشتنی سپیاتی، دەڵێت: پەنیری کوردی لە ئاکرێ، لە ناوچەی سورچییان و هەرکییان، بەرواری و شیلادزێوە دێت، هاوکات هەنگوینی ناوچەی زێباری و بەرواری هەن و هاووڵاتییان زۆر داوای دەکەن.

لە بازاڕی سپیاتی پارێزگای دهۆک، خواستی زیاتری هاووڵاتییان لەسەر بەرهەمی ناوخۆیە، دوکانداران دەڵێن: قەزای ئاکرێ، بەتایبەتیش دەڤەری سورچییان، هەروەها دەڤەری بەرواری باڵا، بازاڕیان بە بەرهەمی خۆیان پڕ کردووە.