عەبدولخالق تەڵعەت: جموجووڵی داعش زۆر بووە

عەبدولخالق تەڵعەت
عەبدولخالق تەڵعەت

نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان، ئاشکرای دەکات، زانیارییان هەیە جموجووڵەکانی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق زیاتر دەبن، دەشڵێت: هەمیشە ناوەڕاستی عێراق شوێنی جموجووڵی داعش بووە.

دووشەممە 30ـی حوزەیرانی 2025، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات، جموجووڵەکانی داعش لە هەفتەی دواییەوە زیادیان کردووە، بەتایبەت لە ناوچەکانی دوزخورماتوو، داقوق و دەورووبەری شاری کەرکووک. گوتییش: بەیانی ئەمڕۆش چەند چەکدارێکیان لە سنووری پارێزگای ئەنبار بیندراون. داعش کۆتایی نەهاتووە و جموجووڵیان زیادی کردووە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان، ئاماژەی بەوە کرد، جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وای کردووە داعش دەرکەوێتەوە. گوتی: بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، جموجووڵی داعش فراوانتر دەبێت، ئێستا لە پەڵکانە شەڕ لە نێوان چەکدارانی داعش و سوپای عێراق دروست بووە، لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشی کوردستان و دژە تیرۆری عێراق، سێ لە سەرکردەکانی داعش لەو ناوچەیە کوژران، یەکێکیان بەرپرسی کەرت و دووشیان بەرپرسی یەکەی داعشن لە ناوچەکانی پەڵکانە و داقوق و خورماتوو.

دەشڵێت: لەو هەفتەیە، لە پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە و ناوچەکانی دوزخورماتوو داقوق چەکدارانی داعش بینراون، ئاشکرای دەکات، ناوەڕاستی عێراق کە هەمیشە باسی لێوە دەکەن، داعش مەترسیی لەسەر هێزەکان هەیە لەو ناوچانە و خەریکە گرژییان تێ دەکەوێت.

عەبدولخالق تەڵعەت، ئاماژەی بەوە کرد، پەڵکانە و داقوق و خورماتوو، ناوچەی ئاڵۆزن، هەموو چەکێک ناگاتە ئەو شوێنانە، بەربڵاوی ناوچەکەش وای کردووە جموجووڵی داعش زیاتر بێت.

دوێنێ یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، بە هەماهەنگیی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان لەناوچەی پەڵکانە و تاوێرکەوە کردووە و لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دەستەویەخە، توانرا ئەیمەن جۆرج ئەحمەد ئەلعوبێدی، ناسراو بە ئادەم، فەرماندەی کەرتی سلێمان بەگ، لەگەڵ دوو تیرۆریستی هاوەڵی بکوژرێن بە ناوەکانی:

- حوسێن عەلی خەڵەف حەبیب ئەلمەفرەجی، ناسراو بە ئەبو عەزرا.

- یەعقوب، ناسراو بە ئەبو جابان.