چەکدارێک لە بەغدا سەرجەم ئەندامانی خێزانێک دەکوژێت

ئاماژەکان دەریدەخەن ناسیاویان بووە

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا ئاشکرای کرد، چەکدارێک بە گوللـە پێنج ئەندامی خێزانێکی کوشت.

میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویان کردەوە: چەکدارێک چووەتە ماڵێکی ناوچەی مەشتەل لە بەغدا، گوللـەی لە هەموو ئەندامانی خێزانەکە داوە، کە لە دایک، باوک و سێ منداڵ پێکهاتوون و هەموویانی کوشتووە.

رووداوەکە، ئێوارەی دوێنێ روویداوە و ئاماژە سەرەتاییەکان بەگوتەی سەرچاوە ئەمنییەکە، دەریدەخەن "ئەو کەسەی تەقەی کردووە، ناسیاوی خێزانەکە بووە".

هێزێکی ئەمنی دەوری ناوچەکەیان داوە، تەرمەکانیان بردووەتە پزیشکی دادی و لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە.

 

هـ.ر.