کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەردەوامن

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی 100 بۆ 130 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیی ڕادەستی عێراق بکات، هاوکات ئەگەر ئەمشەو ئەم دوو شاندە گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر ئەوە سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران دەدات.

چەند سەرچاوەییەکی نزیک لە کۆبوونەوەکان بە دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24ـیان ڕاگەیاند، ئەمشەو کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حکوومەتی عێراق تایبەت بە نەوت بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە بارەی دەست پێ کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران بدەنە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سبەی دەنگی لەسەر بدەن.

پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی، تاوەکوو ئێستا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە %50 داهاتی ناوخۆیی کە نزیکەی 100 بۆ 130 ملیار دینارە ڕادەستی عێراق بکات، بەو مەرجەی حکوومەتی عێراق مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ فرۆشتن و ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیایی سۆمۆ و بەکارهێنانی بۆ پێداویستی ناوخۆ نییە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەیامنێری کوردستان24، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە کۆمپانیایەکی بەریتانی لە ماوەی دوو مانگدا پێداچوونەوە بە نرخی تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بکات.