سیپان شێروانی: ئەگەر شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتن سبەی بڕیار لە ناردنی مووچە دەدرێت

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیشتنە ڕێککەوتن ئەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سبەی بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدات.

گوتیشی: تاوەکوو ئێستا کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە ئاراستەیەکی باش و ئەرێنی دەڕۆن و هیچ کێشەیەکی نەخوازراو ڕووی نەداوە، پێشم وایە بەر لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەگەنە ڕێککەوتن.

سیپان شێروانی ئاماژەشی دا، گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەمووی یاسایین، تاوەکوو ئێستاش هەر سکاڵایەک لە دادگای عێراق تۆمار کرابێت بڕیارەکەی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دراوە.

لەبارەی خاڵە ناکۆکییەکانی کۆبوونەوەکانی هەر دوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا هەر دوو شاندەکە لەسەر قەرزە کەڵەکە بووەکانی کۆمپانیاکانی نەوت ڕێکنەکەوتوون.

باسی لەوەش کرد، هەرێمی کوردستان دەیەوێت 150 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکار بهێنێت و نزیک 300 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێتە بەغدا، حکوومەتی عێراقیش لەو بارەیەوە کێشەی نییە و ئەو پرسە نابێتە خاڵی ناکۆکی نێوان هەر دوو حکوومەت.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق جەختیشی کردەوە، پرۆژەی هەژماری من لە نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق پرسی ناکۆک نییە، چونکە دادگای فیدراڵی دانی بە پرۆسەی هەژماری من ناوە.