وەزارەتی کارەبا گرێبەستێک بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دینار واژۆدەکات

بۆ پڕۆژەی راكێشانی كێبڵی ئازادیی نوێ لە هەولێر

 K24 - هەولێر

گرێبەستێك بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دینار لەنێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیایەک بۆ پڕۆژەی راكێشانی كێبڵی ئازادیی نوێ لە هەولێر، واژۆکرا.

وەزارەتی کارەبا ئەمڕۆ (سێشەممە، 8-9-2020) رایگەیاند، كەمال محەمەد، وەزیری كارەبا گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای شاندز واژۆكرد بۆ راكێشانی پرۆژەی كێبڵی ئازادیی نوێ – رووناكی 33 كەی ڤی، بە گوژمەی سێ ملیار و 23 ملیۆن و 407 هەزار دینار، كە بڕیارە لە ماوەی 120 رۆژدا، پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت.

لە رێوڕەسمی واژۆكردنی گرێبەستەكەدا، وەزیری كارەبا باسی لە گرنگیی ئەو پرۆژەیە كرد بۆ كەمكردنەوەی گرفتی بارزۆری كارەبای سەر ژمارەیەك گەڕەکی ناو شاری هەولێر، داواشی لە كۆمپانیای شاندز كرد "هاوشێوەی كارەكانی دیكەی، ئەم پرۆژەیەش لەماوەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو بكات و پابەندی دیزایین و جێبەجێكردنی كوالێتیی بەرزی پڕۆژەكە بێت".

وەزیری كارەبا هەروەها سوپاسی ئەنجوومەنی وەزیرانی كرد بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوكارییەی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا پێشكەشی وەزارەتیان كردووە.

وێستگەی ئازادی نوێ، بە یەكێك لەو وێستگە گرنگانەی دابەشكردنی كارەبا دادەنرێت، كە بۆ كەمكردنەوەی بارزۆری لەسەر وێستگەی ئازادیی كۆن لە هەولێر بونیاتنراوە و بە کارپێکردنی وێستگەكە و راكێشانی كێبڵەكان، گرفت و كێشەیەكی زۆری كارەبا لەو گەڕەكانە چارەسەر دەبێت کە بە وێستگەکەوە پەیوەستن.

کارەبا، لەگەڵ رێگەوبان دوو بابەتن کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگییان پێدەدات و، لەوەتەی دەستبەکاربوونی کابینەکەشەوە، چەند وێستگەیەکی کارەبا کراونەتەوە و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیش زیادیان کردووە.

هـ.ر.