"بڕیارێكی سەردەمی عەبادی دژی ھەرێمی كوردستان نوێ دەكرێتەوە"

ھەناردە كردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان قەدەغە دەكرێت

K24 – ھەولێر

بە بڕیارێكی حكومەتی عێراق ھەناردەكردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانی قەدەغە دەكرێت. وتەبێژی سەندیكای زێڕنگرانی ھەرێمی كوردستان دەڵێ "نوسراوێكی سەردەمی كابینەكەی عەبادی بۆ قەدەغەكردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان نوێكراوەتەوە و ھۆكارەكەشی دیار نەكراوە".

ھەندرێن عەبدورەحمان، وتەبێژی سەندیكای زێڕنگرانی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "لە ساڵی 2017 كە ئەوكات حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، نوسراوێك كراوە بۆ قەدەغەكردنی ھەناردەی زێر لە رێگەی فڕۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانی و بەسرە، ئەوكات كاری پێ نەكراوە، بەڵام ئێستا ئەو نوسراوە نوێكراوەتەوە و دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراق لە مانگی رابردوو لەسەر ئەو نوسراوەی كابینەی پێشتری حكومەتی عێراق بڕیارەكەی داوە، بەڵام تائێستا ھۆكارەكەی دیار نییە".

گوتیشی: "ھەرێمی كوردستان بە رێكاری یاساییەوە بەپێی رێنماییەكانی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتی كارەكانی بۆ ھەناردەكردنی زێڕ بەڕێوەبردووە و بازرگانەكانی عەرەبیش لە رێگەی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان كارەكانیان رایی دەكرد، چونكە ھەم لە رووی ئەمنییەوە باشترە ھەمیش گوژمەكەی باشتربوو بۆ بازرگانەكان".

وتەبێژی سەندیكای زێڕنگرانی ھەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەو بڕیارە كاریگەری زۆری كردووەتە سەر بازرگانی و دڵەڕاوكێی لای بازرگانان دروستكردووە".

روونیكردەوە: "ئەو بڕیارە زیانی زۆری ھەیە نەك ھەر بۆ بازرگانان، بەڵكو بۆ ھاووڵاتییانیش، چونكە پێشتر ئەگەر لە كاتی كڕینی زێڕ بۆ ھەر میسقاڵێك زێڕ 7 ھەزار زیاد لە ھاووڵاتییان وەرگیرابێت، ئێستا 18 ھەزار زیاد وەردەگیرێت، لەبەر ئەوەی جاران كە یەك كیلۆ زێڕ 350 دۆلار خەرجی بوو، ئێستا چووەتە سەرووی ھەزار دۆلار".

ئەوەشی خستەروو: "ئێستا بازرگانی زێڕنگرانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیمارات و توركیا وەستاوە. داواشمان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە ئەو كێشەمان چارەسەر بكەن".