تونجەر باکرهان: ئۆجەلان داوای بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی دەکات
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کوردستان24، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند: عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوای کردووە، کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ئەنجام بدرێت و سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتیی بکات.
تونجەر، ئاماژەی بەوە دا، جیاوازیی پرۆسەی ئاشتیی ئەم جارە لەوەی پێشووتر ئەوەیە، ئەوانەی پێشووتر دژی پرۆسەکە بوون، ئێستا چاویان لەوەیە پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بێت، داوا لە خەڵک و سەرکردایەتیی کوردستانیش دەکات، پشتیوانیی پرۆسەکە بن چونکە پرۆسەکە لە بەرژەوەندیی هەر چوار پارچەی کوردستاندایە.
12ـی ئایاری ئەمساڵ، پەکەکە لە کۆنگرەی 12دا، خۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕاگەیاند، چەند مانگێکە پرۆسەی ئاشتیی لە باکووری کوردستان و تورکیا بەردەوامە، لەم پرۆسەیەدا سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی کاریگەریی هەبووە بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی داواکاریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەبارەی سەرکردایەتیی کردنی سەرۆک بارزانی بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی بۆ کۆنگرەکە ئەرێنی دەبێت، گرنگە کورد کۆدەنگ و یەکگرتوو بێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: ئۆجەلان شتێکی گرنگی گوت، ئەویش ئەوەبوو، داوای کرد کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکرێت، ئەگەر سەرۆک بارزانی ئەمە قەبوڵ بکات و سەرۆکایەتیی کۆنگرەکە بکات، ئەمە شتێکی گرنگ و بەنرخ دەبێت، ئەگەر ئەمە ڕوو بدات زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کورد یەکگرتوو بێت و یەک دەنگ بێت، هاوکات پاڵپشتی لە داواکاریی دیموکراسیی یەکتر بکەن، گوتییشی: سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەکە ئەرێنی دەبێت، ڕۆژەکە ڕۆژی کوردان و هەڵوێستی هاوبەشە، دەبێت هەوڵ بۆ مافی دیموکراسییانەی کورد بدرێت لە تەواوی ناوچەکە.
دوای کۆنگرەی 12ـی پەکەکە و بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوە، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکوومەتی تورکیایە، باکرهان دەڵێت: دەبێت دەسەڵاتی تورکیا بە هەنگاوی کردەیی و یاسایی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە کە پەکەکە دوای ئەوەی چەکی دانا، ڕادەستی کێ دەکرێن و کێ چاودێریی پرۆسەکە دەکات، داوا لە خەڵک و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، پشتیوانیی لە پرۆسەی ئاشتیی بکەن، چونکە پرۆسەکە لە بەرژەوەندیی هەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت.
باکرهان گوتی: هەموو خەڵکی باشووری کوردستان نەوەک تەنها سیاسییەکان، داوا دەکەم پاڵپشتیی لە پرۆسەی ئاشتیی بکەن، تورکیایەکی دیموکراسیی، لەهەمان کاتتدا بە واتای پەیوەندیی باشی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دێت، بەهەمان شێوە بە واتای گوزەرانی کوردە لەنێو زەمینەیەکی دیموکراسییدا لە سووریا، هەربۆیە دیموکراسیی بوونی تورکیا لە بەرژەوەندیی هەمووانە و لەسەرووی هەمووانیشەوەیە لە بەرژەوەندیی کوردە، دەبێت کورد پاڵپشتی لەم پرۆسەیەدا بکات.
باکرهان، دڵنیایی دەدات لەوەی، ئەگەر پاڵپشتیی تەواوی کۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەکان بەدەست بهێنن، بێ دوو دڵی پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت.