سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەت لە بەغدا "ئەرێنی و ئومێدبەخش بوون"

لۆگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (ڕاست) و لۆگۆی حکوومەتی عێراق (چەپ)
لۆگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (ڕاست) و لۆگۆی حکوومەتی عێراق (چەپ)

کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا تەواو بوون و بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24ـیش، کۆبوونەوەکان "ئەرێنی و ئومێدبەخش بوون".

ئەمڕۆ سێشەممە، 01ـی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا تەواو بوون و شەوی ڕابردوو (دووشەممە، 30-06-2025)، گەڕاونەتەوە هەولێر."

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24 "ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا زۆر باش و ئومێد بەخش بوون. لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەبووە؛ بەمزووانە ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت."

هاوکات شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیمواکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت: "کاتژمێر 01:00ـی دانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 01ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی، کۆدەبێتەوە و چاوەڕێ دەکەین، لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەی نێوان هەردوو شاندی هەولێر و بەغدا کراوە، بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت." 

چوار ڕۆژ بوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە بەغدا بوو و لەو ماوەیەدا لەگەڵ هەر یەکە لە وەزارەتی نەوتی عێراق، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ و ژمارەیەک لە وەزیری و بەرپرسی باڵای حکوومەت کۆبوونەوە. 

پێش چوونی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، شاندێکی حکوومەتی عێراقیش سەردانی هەولێری کرد و ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت کرد.