هەرێم و بەغدا تاوتوێی میکانیزمی نوێ بۆ خێراترکردنی ئاڵوگۆڕی بەرهەمی کشتوکاڵیان کرد

وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی لەگەڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان تاوتوێی میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی نێوان پارێزگاکانی عێراق و هەرێمیان کرد.

سێشەممە، 1ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، "لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی بەرهەمی کشتوکاڵی لە نێوان پارێزگاکانی عێراق و هەرێم لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکاری کشتوکاڵیدا، کۆبوونەوە.

ئاماژەی بەوەش دراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی ئاسانکاری ڕێکارەکان کرایەوە لەڕێگەی کردنەوەی پەنجەرەیەکی خێرا بۆ مامەڵەکان، چالاککردنی پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوولا، هەروەها پەسەندکردنی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتینی کارگێڕی و خێراکردنی پرۆسەکە، هاوکات پابەندبوون بە یاسا و ڕێسا کارپێکراوەکان".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونکراوەتەوە، "کۆبوونەوەکە بە ئامانجی بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵی نێوان فیدراڵ و هەرێمە بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی کشتوکاڵی بەردەوام".