گواردیۆلا هۆكاری دۆڕانەكەیان بەرامبەر هیلال ئاشكرا دەكات
ساڤیچ: زۆر سووكایەتیتان بە خولی سعوودیە كرد ئێستا وەڵامەكەتان وەرگرت
یانەی هیلالی سعوودیە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو، تاڵاوی شكستی بە قورگی گواردیۆلا و یانەكەی دا كرد، لە بەرامبەردا ساڤیچ ناوەراستكاری یانەی هیلال لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند بۆ هەموو دونیا سەلماندیان خولی سعوودیە بەهێزە، لە لایەكی دیكەیشەوە پێپ گواردیۆلا هۆكاری شكستی یانەكەی ئاشكرا كرد.
لە قۆناخی 16ـی جامی جیهانی یانەکان، هیلالی سعوودیە و مانچێستەرسیتی ئینگلیزی رووبەرووبوونەوە و هیلال یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ بردەوە، بەمەش هیلال گەیشتنە قۆناخی چارەگی کۆتایی، مانچێستەر سیتیش ماڵئاواییکرد.
گواردیۆلا هۆكاری دۆڕانەكەی ئاشكرا دەكات
پێپ گواردیۆلا راهێنەری یانەی مان سیتی لە دوای یارییەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا پیرۆزبایی لە یانەی هیلال دەكات، دەشڵێت: بەراستی ئێمە رێگەماندا ئەوان هەلی باش دروست بکەن و جولەی زۆریان لەناو یاریگادا هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەلی زۆرمان دروست کرد بەتایبەت لە نیوەی یەکەم ئیمە زۆر باشتربووین.
گواردیۆلا گوتیشی: لەم قۆناغە هەموو یارییەکان قورس بوون، ئێمە دەرفەتی زۆرمان بە رکابەرەکەماندا، لە هەمان کاتدا ئێمەش دەرفەتی زۆرمان لەدەستدا، زۆر دڵتەنگم بەهۆی ئەو دۆڕانە، لەبەر ئەوەی ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد، ستاف و یاریزانەکان هەمووان کارەکانیان بەباشی کرد، هەوڵی زۆرماندا بەڵام یاسین بونۆ گۆڵپارێزی بەرامبەر هەموو رێگرییەکی لە ئێمە کرد، جگە لەوەش ساڤیچ ناوەراستكاری هیلال لە هەموو شوێنێكی یاریگە ئامادەبوو، رێگەی نەدا من پلانەكانم وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، بەهەرحاڵ ئێستا کاتی ئەوەیە بگەڕێنەوە ماڵەوە و دوای وەرگرتنی پشوویەکی کورت، ئینجا بەهێزی بگەڕێینەوە.
ساڤیچ: تەواو سوكایەتییەكانتان رابگرن
ساڤیچ، ناوەراستكاری سڕبی یانەی هیلالی سعوودیە لە دوای سەركەوتنی یانەكەی لە دژی مانچێستەر سیتی رایگەیاند، سەلماندیان خولی سعوودیە زۆر بەهێزە و شایەنی ڕێزە.
ساڤیچ دەشڵێت: كاتێك پەیوەندیمان بە خولی سعوودیە كرد زۆر سوكایەتیان پێكردین، بەڵام سەلماندمان هاتووینەتە خولێكی گەورەی جیهان، ئەوانەی رەخنەیان لە ئێمە گرت و سووكایەتیان پێكردین لەو یارییە وەڵامەكەیان وەرگرت كە ئێمە لە كوێ یاریی دەكەین، هیچ نهێنییەكیش لەپشت سەركەوتنەكەمان نەبوو، ئێمە هیلالین هەموو شتێكمان لێ چاوەڕێ دەكرێت.