چوار نووسینگەی قەرەبووکردنەوەی ماددەی 140 کرانەوە

چوار نووسینگەی قەرەبووکردنەوەی ماددەی 140 لە شێخان و شنگال و شاریا و فایدە کرانەوە و پرسی 31 هەزار فایلی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە یەکلا دەکەنەوە کە لەو ناوچانە زیانمەند بوون، ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: 200 ملیار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانمەندان لە ناوچەکانی ماددەی 140 تەرخانکرا، بڕێک لەو پارەیە خەرج کراو پێویستە بڕەکەی دیکەش بە زیانمەندانی مەخموور و شنگال و شێخان بدرێت.

سێشەممە 1ـی تەممووزی 2025، چوار نووسینگەی قەرەبووکردنەوەی ماددەی 140 لە شێخان و شنگال و شاریا و فایدە کرانەوە، نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بارەگای نووسینگەی ماددەی 140 لە شنگال کرایەوە کە هەرسێ قەزای شێخان و شنگال و مەخموور لەخۆ دەگرێت، زۆرترین زیانمەندەکان لە شنگالن کە 11 کۆمەڵگە لەخۆدەگرێت، ئەو کۆمەڵگانەی ڕاگوازران و ناوچەکان وێران کران، لە 52 هەزار فایلی پەیوەست بە زیانەکان لەناوچەکانی ماددەی 140، تا ئێستا 31 هەزار فایل ماون کە هی خەڵکی زیانمەندی ئەم ناوچانەن و قەرەبوو نەکراونەتەوە، تەنها زیانمەندانی کەرکووک و خانەقین نەبێت کە قەرەبووکراونەتەوە، دەڵێت: بۆ لەمەودوا نووسینگەکان کار لەسەر قەرەبووکردنەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە دەکەن.

ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری عێراقیش گوتی: لە ساڵی 2013 ـەوە نووسینگەی شنگالی قەرەبووکردنەوەی ماددەی 140 وەستا لەگەڵ ئەوەی هەموو ساڵێک پارە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانمەندان لە ناوچەکانی ماددەی 140 تەرخان دەکرا، بۆیە ئێستا دەستمان کردەوە بە چالاک کردنەوەی نووسینگەکانی قەرەبووکردنەوەی ماددەی 140 لە شنگال و شێخان و فایدە و شاریا بۆ ئەوەی قەرەبووی هاووڵاتییانی زیانمەندبووی ئەو ناوچانە بکەنەوە.

ڤیان دەخیل ڕایگەیاند: لە بودجەدا 200 ملیار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانمەندان لە ناوچەکانی ماددەی 140 تەرخان کرا، بڕێک لەم پارەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی کەرکووک و خانەقین خەرج کرا، بڕەکەی دیکە کە ماوە، پێویستە بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و شێخان و مەخموور خەرج بکرێت.

ماهیر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24 لە پارێزگای دهۆک ئاشکرای کرد، ئەم چوار نووسینگەی قەرەبووکردنەوەی ماددەی 140 بۆ ئەوەیە، زیانمەندانی سەنتەری شنگال، بچنە نووسینگەی فایدە، خەڵکی زیانمەندی شێخانیش بچنە نووسینگەی شێخان بۆ پێشکەشکردنی فۆرمەکانیان، خەڵکی ناوچەی گردعوزێر و سنوونێش بچنە کۆمەڵگەی شاریا کە دوو بنکە لەنێو بەڕێوەبەرایەتی ناحییە کراوەتەوە بۆ ئەوەی فۆرمەکانی خۆیان لەوێ پێشکەش بکەن.