دوای خانەنشین بوونی سەرۆکی دادگای فیدراڵی، نۆ ئەندامەکەی دادگا گەڕانەوە سەر کارەکانیان

ئەندامانی دەستلەکارکێشاوەی دادگای فیدراڵی ڕایانگەیاند، دوای ئەوەی ئەو هۆیانەی وای لێکردن دەست لەکاربکێشنەوە ئێستا نەماون، بۆیە داوای خانەنشینکردنیان هەڵوەشاندەوە و دەگەڕێنەوە سەرکارەکانیان.

سێشەممە، 1ـی تەممووزی 2025 ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری میوانداریی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کردووە بە سەرۆکایەتیی دادوەر فایەق زێدان و بە ئامادەبوونی دادوەرەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی و سەرۆکی داواکاری گشتی و سەرۆکی دەستەی چاودێریی دادوەری و دادگای باڵای فیدراڵی.

ئاماژەی بەوەش دا، ئامادەبووان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونیان لە سەرۆکی نوێی دادگا، مونزر ئیبراهیم کرد و سوپاسی ئەندامانی دادگایان کردووە کە داواکاری خانەنشینیەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە، دوای ئەوەی ئەو هۆیانەی وای لێ کردبوون دەستلەکار بکێشنەوە، نەماون.

ڕوونکراوەتەوە، گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی دروستی کاری دادوەری و پابەندبوون بە دەسەڵاتی دادوەری، وەک لە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکاندا هاتووە، هەروەها گرنگی پاراستنی سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری و دوورکەوتنەوە لە هەر ڕەفتارێک یان پراکتیکێک کە ئەمە تێک دەدات تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.

پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025  "شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگی دادگای فیدراڵی عێراق، دەستیان لە کار کێشایەوە، لە کاتێکدا بڕیار بوو هەمان ڕۆژ دادگا، دەربارەی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و بڕیارێکی وەلائی دەربکات."

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment