ئەشواق جاف: داوامان کردووە لایەنی سێیەم بەشداریی دانووستانەکانی هەولێر و بەغدا بکات
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چەند لایەنێکی بەغدا پابەندی بڕیارەکانی حکوومەت نابن و بەردەوام کێشە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن.
سێشەممە 1ـی تەممووزی 2025، ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چەند لایەنێک لە بەغدا کە دژی ڕێککەوتنن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، باوەڕییان بە فیدراڵییەت نییە، هەر کاتێک عێراق بەرژەوەندی هاووڵاتییانی و سەروەریی خاکی خۆی خستە پێش بەرژەوەندیی وڵاتانی دیکە و فەرمانی دەرەکی، ئەوکات دەبێتە وڵاتێکی دیموکراسی و فیدراڵی.
ئەشواق جاف گوتی: پێم وایە بەشێوەیەکی کاتی، کێشەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن، چونکە ئەوانەی لە عێراق هاتوونەتە سەر حوکم، هەندێکیان باوەڕیان بە فیدراڵییەت نییە، تاکوو بڕیاری سیاسیی عێراقی تەواو عێراقی نەبێت و کاریگەریی سیاسەتی دەرەکی بەسەرەوە نەبێت، هاوکات تاکو بەرژەوەندیی هاووڵاتی عێراقی لە زاخۆ تاکوو بەسڕە نەبێتە پرسی لەپێشینە و بەر لە بەرژەوەندی وڵاتانی دیکە، نابێتە وڵاتێکی دیموکراسی و فیدراڵی.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێت: ئێمە لە هەموو گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ڕێککەوتنمان کردووە و لە کارنامەی حکوومەت جێگیر کراوە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام سەرۆک حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق کاتێک لەسەر کورسییەکانیان دادەنیشتن، کارنامەکەیان پشتگوێ دەخست، نەوەک هەر ئەو بەندانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، بەڵکو زۆربەی ئەو بەندانەی لەناو کارنامەکانی حکوومەت هەبوون، بۆیە داوامان کرد لایەنی سێیەم ئامادەی گفتوگۆکان بێت یاخود چاودێریی گفتوگۆکان بکات.
ئەشواق جاف گوتی: ئێمە شتێکی زیاترمان ناوێت لەوەی لە دەستووردا هاتووە، بە کەمتر لەوەش ڕازی نابین و قەبوڵی ناکەین، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان وێنایەکی زۆر خراپیان لە ئیدارەدانی دەوڵەت نیشانی هەموو جیهان دا بە بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی دەستووری و یاساییان هەبێت.