یۆنامی سەرکۆنەی هێرشی سەر کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک دەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) ڕایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشی سەر کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک دەکەین و داواکارین لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تەممووزی 2025، بۆ سەر کەمپی ئاوارە ناوخۆییەکانی پارێزگای دهۆک کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، داوا دەکات کەمپەکان لە هەر جۆرە پەلامارێک بپارێزرێن، بە تایبەت کەمپی دەرکارێی ئێزدییەکان.

هەروەها داوا لە بەرپرسە پەیوەندیدارەکانیش دەکات بە گرتنە بەری ڕێوشوێنی پێویست، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن، بۆ ئەوەی دووبارە ئەم جۆرە هێرشانە کە پێشێلکاری ڕوونی یاسا و مافەکانی مرۆڤن ڕوو نەدەنەوە.

لەبارەی ڕووداوەکەوە، جەوهەر محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکارێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە کەمپی دەرکارێ کەوتە خوارەوە و منداڵێک بریندار بووە.

ئاماژەشی دا، تاوەکوو ئێستا شوێنی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیاری نەکراوە و لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.

هەروەها دژەتیرۆری کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لە بارەی هێرشەکە نووسیبووی: بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تەممووزی 2025، کاتژمێر 00:30 خولەک، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە کەمپی دەرکارێ لە سنووری ناحیەی دەرکارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتە خوارەوە، خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.