لیۆنێل مێسی چی لە خەیاڵدایە؟

دوای شکستە گەورەکەی ئینتەر مەیامی بەرامبەر پاریس سانجێرمان، لە قۆناغی شازدەی مۆندیالی یانەکان و دەکرانی یانە ئەمریکیەکە، هەر زوو دەنگۆی جیاواز لەسەر داهاتووی لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانەکەی بڵابووەوە و چەندان سەرچاوە باس لەوە دەکەن، مێسی دەیەوێت یانەکەی جێبهێڵێت.
لیۆنێل مێسی کۆتایی ئەمساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا کۆتایی دێت، واتە تاوەکو ئەو کاتە ناتوانێت ریزەکانی یانەکەی جێبهێڵێت، بەڵام دەنگۆیەکی بەهێز هەیە لەگەڵ کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی یانەکەی جێبهێڵێت.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، لەبەر ئەوەی لەگەڵ کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەمریکا، کە کۆتایی ئەمساڵە چونکە میسی هیچ یارییەکی دیکە ناکات و بە تەواوەتی لە یاریگاکان دادەبڕێت، بڕیاریداوە بۆ ساڵی نوێ پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات.
ئامانجی مێسی هەموو لە پێناو ئەوەیە پارێزگاری لە توانای جەستەیی بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری مۆندیالی داهاتوو بکات. مێسی ئەگەر کۆتایی ئەمساڵ یانەکەی جێبهێڵێت و پەیوەندی بە یانەیەکی ئەوروپی بکات، ئەو کات دەتوانێت تاوەکو نزیک دەستپێکردنی مۆندیال لە یاریکردن بەردەوام بێت.
لەمبارەوە کەناڵی ئی ئێس پی ئێنی ئەمریکی زانیاری دەستکەوتووە، مێسی دەیەوێت بە شێوەیەکی کاتی یانەکەی جێبهێڵێت و ساڵی نوێ پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، بەڵام گفتوگۆکانی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکەی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی وەستاون.
مێسی ئەو کاتەشی کە ریزەکانی پاریس سانجێرمانی جێهێشت، ئۆفەری خەیاڵی لە خولی سعوودیە بۆ هات، بەڵام بە دوو هۆکار بڕیاریدا بچێتە خولی ئەمریکا، هۆکاری یەکەم مۆندیالی داهاتوو لەو وڵاتە دەکرێت و هۆکاری دووەمیش خانەوادەکەی بوو.