زاخۆ لە کۆتا گەڕ رووبەڕووی گەرمە دەبێتەوە

زاخۆ لە کۆتا گەڕی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی گەرمە دەبێتەوە. یانەکەی دەلال پێشوەختە پلەی سێیەمی خولەکەی مسۆگەر کردووە و وەرزی داهاتوو، بەشداری یەکێک لە پاڵەوانێتیەکانی دەرەوە دەکات.
ئەمڕۆ کاتژمێر 19 لە دوایین یاری ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی گەرمە دەبێتەوە. یانەکەی دەلال ئەم وەرزە لە کۆی 37 یاری رابردووی، خاوەنی 20 بردنەوە وحەوت دۆڕانە و بە کۆکردنەوەی 70 خاڵ، پلەی سێیەمی ئەم وەرزەی خولەکەی مسۆگەر کردووە. زاخۆ لە دوای یانەکانی شوڕتە و زەورا خاوەنی زۆرترین بردنەوە و هەروەها کەمترین دۆرانە.
ئەم وەرزە یانەی زاخۆ لە کۆی 37 یاری لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە دوای یانەی قوەجەوییە خاوەنی زۆرترین کلین شیتە، واتە یانەکەی دەلال لە کۆی 37 یاری لە 11 یاری کلین شیتی تۆمار کردووە.