لیژنەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لێکۆڵینەوە لەکەوتنە خوارەوەی درۆنەکانی سلێمانی دەکەن

شەوی ڕابردوو گوتەبێژی هێزەکانی یەکەی 70 ڕایگەیاند، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراومان خستووەتە خوارەوە، بەڵام گوتەبێژی هێزەکانی ئاسایشی هەرێم باسی لەوە کردبوو دوو درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان کە بە پەیامنێری کوردستان24، ئارام بەختیار دراوە، ئەو دوو درۆنە بۆمبڕێژکراوەکە بە ئاراستەی یەکەی 70 بووە، بەڵام سیستەمی ڕاداری هێزە بیانییەکان کەوتووەتە کار و درۆنەکانی خستووەتە خوارەوە، کە یەکێک لە درۆنەکان لەناو بارەگای هێزەکانی یەکەی 70 کەوتووەتە خوارەوە، ئەوەی دیکەش لە تاسڵوجە کەوتووەتە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، خستنە خوارەوەی درۆنەکان زیانی گیانی نەبووە تەنیا ئەوەی لە تاسڵوجە کەوتووەتە خوارەوە زیانێکی کەمی بەهەندێک لە ماڵەکان گەیاندووە، شووشەی پەنجەرەکانیان شکاوە.

گوتیشی: ئەمڕۆ لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ ئەوە لێکۆڵینەوە بکەن و بزانن ئەو درۆنانە لە کوێوە ئاراستە کراون و ئامانجیان چیبووە، لەو کاتەدا پەیامنێری کوردستان24 هەوڵیدا لێدوانیان لێوەربگرێت، بەڵام گوتیان ڕێگە پێدراو نین لێدوان بدەین، بۆیە قسەیان نەکرد.

سێشەممە 1ـی تەموزی 2025، ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوو درۆن لە تاسڵوجەی سلێمانی کەوتنە خوارەوە. ڕاشیگەیاند، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و لێکۆڵینەوەش لەو بارەیەوە بەردەوامە.

 
Fly Erbil Advertisment