ڤیدیۆی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە و دوو بڕگەی تاوتوێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمدا، دەرەنجامی كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی ڕۆژانی 29ی حوزەیرانی 2025 تاكوو 1ی تەممووزی 2025 لە نێوان شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی حكوومەتی فیدراڵی بە ئامادەبوونی نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیا سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجكردنی مووچەكانی هەردوو مانگی ئايار و حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ کرا.
لە بڕگەی دووەمدا ڕاپۆرتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەبارەت بە خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی ئامار و زانیاریی بەرەوپێشچوونەكان لەمبارەیەوە و پێشكەشكردنی ڕاسپاردە و پێشنیارەكان تاوتوێ کرا.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 02-07-2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاو بکاتەوە.