"بەراورد بە عێراق رێژەی نەخوێندەواری لە كوردستان كەمترە"
قۆناغی سەرەتایی كە پەیوەندییان بە قۆناغی ناوەندی یان سەرترەوە كردوە رێژەكە بووەتە 70.2%
K24- ھەولێر:
لە رۆژی جیھانی نەھێشتنی نەخوێندەواری بە پێی داتاكانی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان و ئەنجامەكانی بەشی خوێندن لە نێوان ھەرزەكاران و لاوان لە ساڵی 2019، ئەو كەسانە كە ھەرگیز پەیوهندییان بە قوتابخانەوه نەكردوە و توانای خوێندن و نووسینیان نیە رێژهیان 2.3%ـه، بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاكانی عێراق رێژەی نەخوێندەواری لە كوردستان كەمترە.
محەمەد ئیبراھیم گوتی: ئەگەر بچومایە قوتابخانە و خوێندن و نووسینم بزانیبایە بێگومان ھەر نەبێ كارێكی باشترم دەبوو. محەمەد دوای 30 ساڵ لە تەمەنی ئێستا دەزانێت كه خوێندن چەنده گرنگە. رۆژانە لەو شوێنە كار دەكات و لە سەردەمی منداڵیدا خۆی لە قوتابخانە دەدزییەوە و نەدەچوو، ئێستاش پەشیمانە.
سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی ئامار لە ھەرێمی كوردستان گوتی: بە ھۆی نەبوونی روپێوی دانیشتوانی ھەرێم، ئاماری نەخوێندەوارانی كوردستان دیارنییە، بەڵام لەو روپێوەی تایبەت بە خوێندن كراوە، رێژەی ئەو كەسانەی ھیچ كات پەیوەندییان بە خوێندنهوه نەبووە 2.3% یە.
ئهگەرچی داتایەكی ئەوتۆ لە بەر دەست نیە لە ھەرێمی كوردستان، بەڵام بە پێی دوایین داتاكان لە ساڵی 2019 رێژەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ عیراق زیاتر لە 60.2%ـه. ھەر لە داتاكانی دەستەی ئاماردا ھاتووە، لەو رێژەیەی قۆناغی سەرەتایی كە پەیوەندییان بە قۆناغی ناوەندی یان سەرترەوە كردووە، رێژەكە بووەتە 70.2% و ئەمەش ئەوە نیشاندەدات، لە كوردستان ھاووڵاتیان گرنگی بە پرۆسەی پەروەردە و خوێندن دەدەن.