سووریا: لە ئەنجامی تەقینەوەی تەنکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی، حەوت کەس مردن

چوارشەممە، 2ـی تەممووز 2025، ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی تەنکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە پارێزگای ئەدلب لە ناوەڕاستی سووریا، حەوت کەس مردن و چەندانی دیکەش بریندار بوون.
بە گوێرەی هەواڵەکەی سانا، تەقینەوەی تەنکەرەکە، بووەتە هۆی وێرانکارییەکی گەورە لە باڵەخانەکانی دەوروبەر و تیمەکانی فریاکەوتن لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا بە دوای قوربانییەکاندا دەگەڕێن.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی نیشتمانیی حەما، بە ئاژانسی هەواڵی سووریای ڕاگەیاندووە "تا ئێستا حەوت تەرمی سووتاو و ژمارەیەک بریندار، کە برینی هەندێکیان سەختە، گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکە."
بە گوێرەی قسەی حەسەن عەبدوڵڵا، شایەتحاڵێکی نزیک لە ڕووداوەکە، تەقینەوەکە لە شارۆچکەی جەبرین بووە و سەرەتا ئاگر لە تەنکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی کەوتووەتەوە و تەقیوەتەوە، تیمەکانی فریاگوزاری و ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن بەرەو شوێنی تەقینەوەکە ڕۆیشتوون.
دواتر، کەناڵی تەلەفزیۆنی (الاخباریة السوریة) ڕایگەیاند، سووتانی تەنکەرەکە و تەقینەوەی، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە بووە.