بەڕێوەبەری نوێی ناحییەی عەنکاوە دەستبەکابوو

پارێزگاری ھەولێر: عەنكاوە تایبەتمەندی خۆی ھەیە

K24 – ھەولێر

لە رێوڕەسمێكدا ئەمڕۆ رامی نوری سیاوش، وەکو بەڕێوەبەری نوێی ناحییەی عەنکاوە دەستبەكاربوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی پارێزگای ھەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/9، بەسەرپەرشتی د.فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی د.عەلی رەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، رامی نوری سیاوش، وەکو بەڕێوەبەری نوێی ناحییەی عەنکاوە دەستبەكاربوو.

د.فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لەوتەیەکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە رێورەسمی دەستبەکاربوونی (رامی نوری سیاوش) وەکو بەڕێوەبەری نوێی ناحییەی عەنکاوە، وێڕای پیرۆزباییمان لە جەنابیان، دەستخۆشی و سوپاسی هەوڵ و ماندووبوون و کارکردنی ش (جەلال حەبیب عەزیز) دەکەین کە ماوەیەکی دوور و درێژ لەم ناحیەیەدا و لەو شوێنەدا کە تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە بۆ پارێزگای هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک بەڕێوەبەری ناحییە کاری کردووە".

پارێزگاری هەولێر هەروەها گوتی: "هەمیشە کە باسی عەنکاوە دەکرێت وەک ناحییەیەک باسی ناکرێت، چونکە عەنکاوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەیەکی گرنگ و تایبەتی هەیە لە رووی ئاینی و نەتەوەیی و رەمزی پێکەوەژیان و یەکترقەبوڵکردنە، بۆیە دەمانەوێت وەکو پارێزگای هەولێر، تایبەتمەندیەکی تایبەت لە نێوان هەموو شوێنەکانی تری هەولێری پایتەخت بدەین بە عەنکاوە، لەسەر ئەو بنەمایەش پێمان وایە ئەرکی بەرێوەبەری نوێی ناحییەی عەنکاوە ئەرکێکی تایبەت و قورس و گرنگ دەبێت، لەوبارەیەشەوە ئەوەی کەپەیوەندی بە ئێمەوە هەیە وەکو پارێزگا بە هەموو توانامانەوە پشتیوان و هاوکاری دەبین و هەوڵدەدەین هەموو ئەو گلەیی و کەم و کوڕیانەی کە هەبوونە لەو ناحییەوە بەیەکەوە چارەسەری بکەین".