نەوزاد شێخ کامیل: لە چەند ڕۆژی داهاتوو گەنمی جووتیارانی دەشتی هەولێر وەردەگرین

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی تەمووزی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی دەشتی هەولێر .
نەوزاد شێخ کامیل دەشڵێت: لە چەند ڕۆژی داهاتوو گەنمی جووتیارانی کەندیناوە وەردەگرین.
10ـی حوزەیرانی 2025، دەرگای سایلۆکان بەڕووی جووتیارانی هەرێم بۆ وەرگرتنی گەنم ی جووتیاران کرایەوە.
ئەمساڵ سایلۆ نوێیەکان هاوشان لەگەڵ سایلۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، گەنم وەردەگرن، وەک قوشتەپە، گەرمیان و ڕوڤیا.
بۆ ئەمساڵ، بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەردەگرێت، حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی هاوشێوەی جووتیارانی عێراق، گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، بەپێی ئەو پلانەی بۆ خۆیان دایانناوە.
ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بڕیارە حکوومەتی عێراق ئەمساڵ تەنها 400 هەزار دۆنم گەنم وەربگرێت، لە کاتێکدا گەنمی کوردستان زۆر لەو بڕە زیاترە و کاریگەریی نەرێیی لەسەر بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دروست کردووە.