هەولێر تەنیا بە 12 یاریزان گەشتی بەسرەی كردووە
هەولێر نیوەی پێكهاتەكەی لەدەست داوە
یانەی هەولێر بۆ دوایین یاریی ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق تەنیا بە 12 یاریزان گەشتی شاری بەسرەی كردووە، لەنێویاندا یاریزانێكی پیشەگەر دەبینرێت.
یانەی هەولێر سبەی هەینی، لە دوایین گەڕی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە یاریگەی فەیحا لە بەسرە دەبێت میوانی یانەی نەفتی بەسرە، بۆ ئەم یارییە سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی هەولێر بەهۆكاری جیاواز لە تواناكانی نیوەی زیاتری پێكهاتەكەی بێبەش بووە.
یانەی هەولێر بۆ یارییەكەی سبە
بەهۆی كۆتایی هاتنی گرێبەستەكانیان، شەش یاریزانی پیشەگەری یانەكە ماڵئاواییان لە هەولێر كردووە كە پێكهاتوون لە هالیسۆن، رێبین سولاقا، ئوسامە رەشید، هیلیۆ مۆنتێرۆ، سیدریك و یوسف بن سۆدا.
لە لایەكی دیكەیشەوە، بەهۆی پێكانەوە هەولێر لە تواناكانی هەردوو یاریزانی یانەكەی شێركۆ كەریم و مستەفا قابیل بێبەش بووە، جگە لەوەش نیاز محەمەدیش بەهۆی كەڵەكەبوونی كارتەكانی، لەگەڵ یانەكەی گەشتی بۆ بەسرە نەكردووە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، یانەی هەولێر تەنیا بە 12 یاریزان گەشتی بەسرە كردووە كە پێكهاتوون لەم یاریزانانە: دلۆڤان مەهدی، ئیڤان خالید، سەفین مەنسوور، هەڵگور قەیس، موئەیەد سەفا، خالد كردغلی، هیدایەت لەتیف، محەمەد سەلام، عومەر جەنگی، مەتین مەنسوور، عەبدوڵڵا یاسین و گەیلان لوقمان.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە كۆی 37 یاری، 15 بردنەوە، 5 یەكسانبوون و 17 شكستی هەیە و بە كۆكردنەوەی 50 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی پلەی دوازدەیەمی ریزبەندی گرتووە، هەولێر بە بردنەوە لەم یارییە دەرفەتی ئەوەی هەیە تا پلەی نۆیەمی ریزبەندی بچێتە پێشەوە.