بەرپرسانی سیاسی رۆژئاوا: پەکەکە بهربهست بۆ رێككەوتنى نێوان پارتەكان دروست دهكات
كوردستان 24
K24 – هەولێر:
لەکاتێکدا ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) هەوڵدەدات رێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان سەرجەم حزبەکانی رۆژئاوای کوردستان هەبێت، بەگوتەی بەرپرسانی چەند حیزبێکی رۆژئاوای کوردستان "پەکەکە بەربەست دروست دەکات".
سعود مەلا، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێ "هەوڵەکانی رێککەوتنی سیاسی لەنێوان ئەنجوومەن و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی، بە سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیك (پەیەدە) رووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە، ئەمەش گومان لەبارەی گفتوگۆکان قووڵدەکاتەوە کە شەش مانگە بەردەوامە".
گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناغی دووەم، کە قۆناغێکی ئاڵۆزە و بڕیاربوو ئەم مانگە دەست بە دانیشتنەکان بکرێت بۆ دامەزراندنی مەرجەعێکی سیاسی و گفتوگۆکردن لەبارەی پەیژەی ئیداری، بەرگری و بەرگری لەخۆکردن.
سعود مەلا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تۆمەتبار دەکات بە دروستکردنی رێگری لەبەردەم سەرکەوتنی "ئەو گفتوگۆ ئاڵۆزانە و لە راگەیاندنێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێ "پەکەکە بەتەواوی دەزانێت هەر بەشداریکردنێکی سیاسی، رۆڵی لە ناوچە کوردییەكانی سووریا هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆیە زۆر هەوڵدەدات رێگری لەبەردەم رێڕەوی گفتوگۆکان دابنێت".
سعود مەلا دەڵێ ئێمە داوامان لە پارتی یەکێتیی دیموکراتیك و هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد، ئەندامانی "پەکەکە" رێگەیان نەدرێت دەستوەردان لە کاروبارەکانی کوردی سووریا بکەن و گوتمان "دەبێت رێگە نهدرێت دەست وەربدەنە کاروبارەکانمان، هەروەها داوامان لە ئەمەریکییەکان و مەزڵووم عەبدی کرد، چارەنووسی سەرکردە رفێنراوەکانی ئەنجومەن ئاشکرا بکەن، کە لەلایەن پارتی یەکێتی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رفێنراون".
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی هاوبەشی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کۆتایی مانگی رابردوو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردبوو، رێگری لەبەردەم گفتوگۆکانی کوردی هەیە، گوتی "لەو خاڵە سەختانەی لە گفتوگۆکاندا رووبەڕوومان دەبنەوە، پەیوەندییان بە بەڕێوەبەردن، راهێنان و پاراستن هەیە، چونکە لایەکەی دیکە بەشێوازێکی جیاواز بیردەکاتەوە و ئێمە نامانەوێت لەگەڵ هیچ لایەنێک رێکبکەوین لەبەرامبەر تێکدانی ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوو بنیادنراوە".
بەڵام ئەحمەد سولەیمان، ئەندامی نووسینگەی سیاسیی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنی کوردی جەختی کردووەتەوە لەوەی گفتوگۆکان رووبەڕووی تەحەدیی زۆر دەبنەوە، سەرەکییترینیشیان بەشکردنی مەرجەعی سیاسییە.
قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکانی کورد لە سووریا لەنێوان ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموكراتیك (پەیەدە) و 25 حزبی هاوپەیمانی 16-6-2020 کۆتایی هات و قۆناغی دووەمی گفتوگۆکان راستەوخۆ لەدوای تەواوبوونی قۆناغەکە دەستیپێکرد، ئامانج لێی رێککەوتنە لەسەر: بەڕێوەبردن، گرێبەستی کۆمەڵایەتی (دەستوور) و دانانی مەرجەعی سیاسییە.