واشنتن پۆست: نەناردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەلایەن ئەمەریکا، ئۆکرانیا لە شکست نزیکدەکاتەوە

ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی ئاشکرایکردووە، ڕاگرتنی هاوکاریی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، هەڕەشەی جددییە بۆ هەرەسهێنانی ئۆکرانیا لە شەڕ.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی یەکێکە لە چەکە کاریگەرەکان بۆ یەکلایکردنەوەی هەر شەڕێک، ڕاگیرانی ناردنی ئەو چەکەش لەلایەن واشنتنەوە بۆ کیێڤ، ئۆکرانیا لە لێواری شکست نزیکدەکاتەوە.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەکردووە؛ بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی پێدانی مووشەکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە ئۆکرانیا لەچەند ڕۆژی داهاتوودا دەرئەنجامەکەی دەردەکەوێت.

ڕۆژی سێشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ ئاشکرای کرد، ناردنی چەک و تەقەمەنی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا بەهۆی کەمبوونەوەی جبەخانەی ئەمەریکاوە ڕاگیراوە.

ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی بڕیاری ڕاگرتنی چەکی بۆ ئۆکرانیا پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، بڕیارەکە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دراوە.

لای خۆیەوە دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن گوتی"هەرچەندە چەک کەمتر بگەیەنرێتە ئۆکرانیا، نزیکتر دەبینەوە لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە."

 

 
Fly Erbil Advertisment