ئەمەریکا پێشنیاز دەکات هەولێر و ناشڤیڵ ببنە دەستەخوشک

پارێزگاری ھەولێر: ھەنگاوێكی گەورەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان

K24 - ھەولێر

کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەمە لە پێشنیازێکیدا بۆ پارێزگاری هەولێر، داوای کرد کە هەولێر و ناشڤیڵ، پایتەختی ویلایەتی تێنەسی، ببن بە دەستەخوشک.

لەمیانی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، رۆب واڵەر، کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، کە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵیەکانی و گفتوگۆکردن لەسەر کەرتەکانی وزە و گەشتیاری و بازرگانی كراوە.

ناشڤیڵ، پایتەختی ویلایەتی تێنیسی ویلایەتە یه‌کگرتووەکانی ئەمەریکایە، و زۆرترین رێژەی دانیشتووانی کوردی لێ دەژین کە بە 18 ھەزار کورد مەزەندە دەکرێت. لە دوای شۆڕشی ئەیلوولی ساڵی 1974، رێژەیەکی بەرچاو لە کوردان کۆچیان کرد بۆ ناشڤیڵ.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، شاره‌داری ناشڤیڵ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا بە ماسکێکەوە دەرکەوت کە ئاڵای کوردستانی لەسەر نەخشێندرابوو، وەک هاوسۆزییەک بۆ رەوەندی کوردی لە ناشڤیڵ بەهۆی تووشبوونی رێژەیەکی زۆریان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بەو پێشنیازە دەربڕی و رایگەیاند "ئەم پشنیازە هەنگاوێکی گەورەیە لە بەرەوپێشبردنی هاوڕێیەتی و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا".

كۆنسوڵخانەی ئەمەریكا لە ھەرێمی كوردستان جەختیكردەوە، لە كۆبوونەوەیەكی ئۆنلاین لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر گفتوگۆیان لەبارەی بوونە دەستەخوشكی هەولێر و ئه‌و شاره‌ی ئەمەریكا كردووە.