كارەكانی پڕۆژەی ئاوی هەولێر و تۆڕەکانی تەواو کران
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەشێکی زۆری کارەکانی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر و بەستنەوەی بە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر لە زۆنی ڕێگەی كۆیە و كەركووك و مووسڵ و ڕەشكین و شەقامی زانكۆ تەواو کراون.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ شەممە 5ـی تەممووزی 2025، قۆناغەکانی بەڕێوەچوونی كارەكانی بەسەرکردەوە کە زۆنی ڕێگەی كۆیە، كەركووك، مووسڵ، ڕەشكین و شەقامی زانكۆ دەگرێتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و تۆڕی ئاوی هەولێر دوو پڕۆژەی گرنگن و بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن کە بەهۆیانەوە هەولێر و دەورووبەری لەڕووی خزمەتگوزاریی دابینكردنی ئاوەوە دەچێتەوە پێشەوە و گرفتی كەمئاویان چارەسەر دەبێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت: تا ئەمڕۆ شەممە، زۆربەی كارەكانی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر لە زۆنی ڕێگەی كۆیە و كەركووك و مووسڵ کە بنەسڵاوە، مامزاوە، قەتەوی، دارەتوو، باغلومنارە، باغەمرە، گەڕەكەكانی ژین، ژیان، ڕۆشنبیری، 8ـی حەسارۆك و چەندین گەڕەك و شوێنی دیكەی دەرەوەی شەقامی 120مەتری دەگرێتەوە كە گرفتی كەمئاویان هەبوو، نزیک بووەتەوە لە تەواو بوون و كاركردنیش بەخێرایی بەردەوامە بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا کۆتایی پێ بێت.
وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوە کردووە، سەبارەت بە زۆنەكانی دیكەی پڕۆژەكە، بە هەمان شێوە كاركردن تێیاندا بەردەوام دەبێت و لە ماوەی دیاریكراوی خۆیاندا سەرجەم كارەكانی تەواو دەكرێن، بەمەش گرفتی کەم ئاوی هەولێر و دەوروبەری بە تەواوی چارەسەر دەبێت.