ڕۆژنامەیەک: ئێران لە کاتی جەنگدا 5 دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیلی بۆردومان کردووە

ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاوی کردەوە، ئێران لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەیدا لەگەڵ ئیسرائیل، 5 دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیلی بۆردومان کردووە.

شەممە 5ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی 12 ڕۆژی جەنگدا، شەش مووشەکی ئێران لە باکوور، باشوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل، بەر بنکەیەکی ئاسمانی، ناوەندێکی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، بنکەیەکی لۆجیستی و دوو بنکەی دیکەی سەربازی کەوتووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سیستەمی بەرگریی ئەمەریکا و ئیسرائیل، بە گشتی توانیویانە بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی ئێران بدەنەوە، بەڵام تا حەوتەمین ڕۆژی جەنگ، نزیکەی 16%ـی مووشەکەکانی ئێران لە ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە.

بە پێی ڕۆژنامەکە، سوپای ئیسرائیل ئامادەنەبوو، هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکان کە بەر بنکە سەربازییەکانی کەتوون، ئاشکرا بکات.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە، جگە لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسرائیل، 36 مووشەکی دیکە توانیویانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل تێپەڕێن و زیانێکی بەرچاویان بە ژێرخانی نیشتەجێبوون و پیشەسازیی وڵاتەکە گەیاندووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

 
Fly Erbil Advertisment