جەبار یاوەر: گرووپە چەکدارەکان نایەنە ژێر ڕکێفی حکوومەتی عێراق

شارەزایەکی سەربازی دەڵێت: بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بوونەتە کێشە بۆ حکوومەتی عێراق، بەهۆی ئەوەی دەستیان کردووە بە بەئامانجگرتنی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
شەممە 5ـی تەممووزی 2025، جەبار یاوەر، شارەزای سەربازی، لە میانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: لە دوای هاتنی تیرۆرستانی داعش بۆ عێراق لە ساڵی 2014، ژمارەیەک گرووپی چەکدار بۆ پاراستنی وڵاتەکە دروست کران، هەروەها بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق گرووپی چەکدارییان هەیە.
ئەو شارەزایەی سەربازی دەڵێت: حزبە عێراقییەکان گرووپەکانیان خزاندووەتەوە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەروەها گرووپە چەکدارەکان ژمارەیان زیاترە لە 160 هەزار کەس، بودجەی گشتیشیان زیاتر لە چوار ترلیۆن دینارە.
باسی لەوەش کرد، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان، بڕیار و داواکارییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جێبەجێ ناکەن، بە ئارازووی خۆیان مامەڵە دەکەن، سەرەڕای ئەوەش مووچە و پێداویستی سەربازی لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن.
جەبار یاوەر گوتی: بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بوونەتە کێشە بۆ حکوومەتی عێراق، بەهۆی ئەوەی دەستیان کردووە بە بەئامانجگرتنی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئاماژەی بەوەش کردووە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق، وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی چەندین قەیران کردووەتەوە.