بەرپرسێکی ئیسرائیل پێنج سیناریۆی پەیوەست بە داهاتووی ئێران ئاشکرا دەکات

ئەفسەرێکی یەدەگی ئیسرائیل پێنج سیناریۆی خستەڕوو کە باس لە پەیوەندییەکانی داهاتووی ئیسرائیل و ئێران دەکات، کە لە مەترسیدارترینەوە تا کەمترین مەترسیدار، ئەمەش دوای شەڕ و ئاڵۆزی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات دێت کە ماوەی 12 ڕۆژ بەردەوام بوو.

تامیر هەیمان، ئەفسەری یەدەگی سوپا و سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی و سەرۆکی ئێستای ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی، جەختی لەسەر پێویستی ئیسرائیل بۆ گرتنەبەری ستراتیژێکی نوێ کردەوە.

تامیر هەیمان ڕوونیشی کردەوە ئامانجی ئەم ستراتیژە پاراستنی 'دەستکەوتە' سەربازییەکانە لەدوای بەئامانجکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمی و بەرپرسانی دیاری سەربازی وڵاتەکە.

ئەو ئەفسەرەی ئیسرائیل جەختیشی کردەوە، ئیسرائیل دەبێت ستراتیژێک بگرێتەبەر کە بتوانێت بەربەست لە پێشکەوتنی ئەتۆمی ئێران دروست بکات، لەوبارەوە ئاماژەی بە پێنج سیناریۆ کرد کە ئێران لە قۆناغی داهاتوودا پەیڕەوی دەکات.

سیناریۆی یەکەم، بە گوتەی هەیمان، ئێران ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی واژۆ دەکات و لە هەمان کاتدا بە نهێنی بۆمبی ئەتۆمی دروست دەکات.

سیناریۆی دووەم، باسی لەوە کردووە،  ئێران خاوەنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی 60%ـی و زانیاری پێویستە. دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی چەندین مانگی دەخایەنێت، بەڵام لەم سیناریۆیەدا ئێران مەترسی ئەوەی لەسەرە کە ببێتە 'وڵاتێکی نەویستراو، ئەمەش وایکردووە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ئەو یۆرانیۆمە هەنگاو بنێن

سیناریۆی سێیەم، هەیمان دەڵێت: ئەم سیناریۆیە وا گریمانە دەکات کە هیچ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نەبێت، لەم حاڵەتەدا سزای مەترسیداری زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێت، لەوانەش سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئێرانیش دەبێتە وڵاتێکی ماندوو، هاوشێوەی کۆریای باکوور. ئەمەش پێدەچێت پاڵنەرەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بەهێزتر بکات.

سیناریۆیەی چوارەم، ئێران پەنا دەباتە بەر واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی ڕاستەقینە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیار دەدات بە تەواوی دەستبەرداری پڕۆژە ئەتۆمییەکە بێت، ڕەنگە لەبەر مەترسی سەقامگیریی وڵاتەکەی بێت، ئەو پێی باشترە ئابووری و سیاسەتی ناوخۆ بەهێز بکات بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی تۆکمە و دادپەروەرانەی ئەتۆمی.

هەیمان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە سیناریۆی پەسەندکراوی ئیسرائیلە و دەشڵێت، "بەڵام ئەگەری ڕوودانی زۆر کەمە، چونکە پێچەوانەی بنەما بنەڕەتییەکانی ئێرانە."

سەبارەت بە سیناریۆی پێنجەم، هەیمان ڕوونی کردەوە، " نەمانی سیستەمی حکوومەت پەیوەندی بە جەماوەرەوە هەیە، پێشبینیکردنی ئەو جۆرە ڕووداوانەش کێشەیە، ئەمە سیناریۆی خەونەکانی ئیسرائیلە، بەڵام ئەگەری وەدیهاتنی ئەستەمە، هەروەها لەنێو زۆرینەی توێژەرانی کاروباری ئێران، ئێستا دۆخی ئەو وڵاتە سەقامگیرە.