له‌ هه‌ولێر شەش پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبوون تاپۆ دەكرێن

40 هەزار یەکەی دیکەش لە نزیکترین کاتدا تاپۆ دەكرێن

K24 - ھەولێر:

دەست بە تاپۆکردنی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون دەکرێت کە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە درووستکراوە. لە هەنگاوی یەکەمدا شەش یەکەی نیشتەجێبوون ئامادەن كه شارەوانی هەولێر رێکارەکانی تاپۆکردنەکەی تەواو کردووە و هاووڵاتیان دەتوانن دەست بە تاپۆکردنی بکەن.

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر رێکارەکانی تاپۆکردنەکە خستەڕوو و گوتی: داوا لە هاووڵاتیان دەكەم دەست بە مامەڵەکانیان بکەن.

بڕیاری تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و جگە لەو شەش شوێنە 39 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکەش ئامادەن بۆ تاپۆکردن كه لەم نزیکانە رێکارەکانیان تەواو دەبێت

سامان عارەب، به‌ڕێوبه‌ری گشتى وه‌به‌رهێنانی هەولێر گوتی: تەواوی یەکەکانی نیشتەجێبوون، کە لایەن وەبەرهێنەرانەوە درووستكراون تاپۆ دەکرێن.

لە قۆناغی یەکەمدا شاری ئاشتی یەک، ئێمپايه‌رورلد، کۆمەڵگەی لاوان، کۆمەڵگەی دەروازەی هەولێر، شاری ئیتاڵی دوو و شاری باجگری نیشتەجێ بوون تاپۆ دەکرێن. لە سنوری شاری هەولێر 80  پرۆژەی وەبەرهێنان هەیە کە دەکاتە 86 هەزار و 566  یەکەی نیشتەجێبوون له داهاتوودا تاپۆ دەکرێن.