لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززە تا ئێستا 43 سەربازی ئیسرائیلی خۆیان کوشتووە

پێگەی هەواڵی واڵای ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، لە سەرەتا دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە تا ئێستا، 43 سەربازی ئیسرائیلی بەهۆی کێشەی دەروونییەوە خۆیان کوشتووە.

یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، پێگەی هەواڵی واڵای ئیسرائیلی، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، ژمارەی ئەوە سەربازە ئیسرائیلییانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە تا ئێستا خۆیان کوشتووە، بۆ 43 سەرباز بەرز بووەوە.

پێگەی هەواڵییەکە ئاشکرای کرد، بە هۆکاری کێشەی دەروونی و بێزاربوونیان لە دۆخەکە، ئەو 43 سەربازە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

پێگەی هەواڵی واڵا ئاماژەی بەوە داوە، سوپای ئیسرائیل تا ئێستا ڕەتی دەکاتەوە، تەرمی ئەو سەربازانە بە مەراسیمی سەربازی بە خاک بسپێرێت.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، سەربازێکی ئیسرائیلی دوای ئەوەی لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، دوو هاوڕێی لەلایەن حەماسەوە دەکوژرێن، ئەویش کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بە گوێرەی ئاماری فەرمی ئیسرائیل، 1219 کەس کوژران، لەبەرانبەردا ئیسرائیل هێرشی چڕی کردە سەر غەززە و خانوو باڵەخانەیەکی زۆری ئەو شارەی خاپوور کرد و زیاتر لە 57 هەزار کەسیش کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن کوژران.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment