عراقچی: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەمیشە ئاشتییانە بووە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران، دووپاتی کردەوە، هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل، دوو وڵاتی خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بۆ سەر وڵاتێک کە چەکی ئەتۆمی نییە، کارەساتبار و مایەی نیگەرانییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتیی نێودەوڵەتی. گوتیشی: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەمیشە ئاشتییانە بووە.

یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە 17ـدەیەمین، کۆبوونەوەی لوتکەی بریکس، گوتی: هێرشەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل، بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێشێلکردنی بەندی 4ـی ماددەی 2ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و کردەوەیەکی دەستدرێژیکارانە بوو.

وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل، دوو وڵاتی خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بۆ سەر وڵاتێک کە چەکی ئەتۆمی نییە، کارەساتبار و مایەی نیگەرانییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتیی نێودەوڵەتی.

لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە، عراقچی، جەختی کردەوە، بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکە هەمیشە بۆ مەبەستی ئاشتییانە بووە و لە ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بووە.

دەشڵێت: هیچ بنەمایەکی یاسایی و عەقڵانی نییە کە پاساو بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بهێنرێتەوە، لە کاتێکدا ئەو دامەزراوانە تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتی بەکار هێنراون.

لە درێژەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەی خستەڕوو، گەلەکەمان لە بەرانبەر هێرشە دوژمنکارییەکان وەستایەوە و قارەمانێتی خۆی نیشاندا، هەروەها بەهۆی بەهێزی و لێهاتوویی هێزە چەکدارەکانمان، ئیسرائیل ناچار بوو هێرشەکانی ڕابگرێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا، ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.

بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد. 

 
Fly Erbil Advertisment