ساڵی ڕابردوو تورکیا لە داهاتی بەرهەمی کشتوکاڵیدا لەسەر ئاستی جیهان پلەی حەوتەمی بەدەستهێناوە

وەزیری کشتوکاڵی تورکیا دەڵێت: ساڵی رابردوو داهاتی بەرهەمی کشتوکاڵ گەیشتووەتە 74 ملیار دۆلار و یەکەمین جارە بگاتە ئەو ئاستە.
یەکشەممە، 6ـی تەمووزی 2025، ئیبراھیم یوماکلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ڕایگەیاند: لە ساڵی 2024، لە داهاتی بەرهەمی کشتوکاڵیدا لەسەر ئاستی جیهان وڵاتەکەی پلەی حەوتەمی بەدەستهێناوە، بەو پێیەی داهاتی بەرهەمی کشتوکاڵی تورکیا لە ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە 74 ملیار دۆلار.
وەزیری کشتوکاڵی تورکیا ئاماژەی بەوە داوە، پشت بەستن بە ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتیی ساڵی ڕابردوو بەراورد بە ساڵی 2023، داهاتی تورکیا لە بەرهەمی کشتوکاڵیدا بەڕێژەیی 7٪، بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.
ئیبراهیم یوماکلی باسی لەوەش کردووە، بۆ یەکەمجار تورکیا بەربەستی 70 ملیار دۆلاری لە داهاتی کشتوکاڵیدا تێپەڕاند، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە بەرهەمهێنان و پیشەسازان دەکەم.