ئەورووپاییەکان دەربارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ڕەشبینن

وڵاتانی ئەورووپایی: پێویستمان بە ڕێککەوتنێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران

ئەورووپاییەکان لە لەندەن دژی شەڕی ئێران خۆپیشاندان دەکەن (ئەرشیف)
ئەورووپاییەکان لە لەندەن دژی شەڕی ئێران خۆپیشاندان دەکەن (ئەرشیف)

بەرپرسانی باڵای ئەورووپایی دەڵێن: هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، تووڕەیی تارانی زیاتر کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی ڕێبەرانی ئێران لەسەر وەدەست هێنانی بۆمبی ئەتۆم، ڕژدتر بن.

ڕۆژنامەی واشتن پۆست، لە ژمارەی ڕۆژی هەینی، 4ـی تەممووز، بڵاوی کردووەتەوە "سێ پەرپرسی باڵای ئەورووپایی ڕایانگەیاندووە، کە ڕێککەوتنێک بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، پێویستە؛ چونکە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، وای کردووە ئیرانییەکان بە نهێنیی هەنگاو بۆ وەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم بنێن."

بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، وڵاتە ئەورووپاییەکانیش هەوڵی ئەوە دەدەن دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، گفتوگۆ لەگەڵ ئێرانییەکاندا بکەن، بەڵام هیوایان بە ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە، کەمە. ئەوەش ناشارانەوە کە هیرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، نەیانتوانیوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە تەواوەتی پەک بخەن. 
 
بەرپرسانی ئەورووپایی لەوە دڵنیان کە ڕەزامەندیی لایەنە سەرەکییەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئیران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتیی ئەتۆمی، کارێکی ئاسان نییە، بە تایبەت ئەگەر ڕێککەوتنەکە وڵاتانی ئەورووپایی و زلهێزەکانی دیکەی جیهانیش تێیدا بەشدار بن.

ئەورووپاییەکان لایان وایە، لێکدانەوەکانی ئێران، پاش جەنگی 12 ڕۆژە، لەوانەی گۆڕانیان بەسەردا هاتبێت. چونکە بۆمبارانی پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان، هەرچەند نەبوونەتە هۆی وێرانکردنیان، بەڵام زیانی گەورەی پێیان گەیاندووە. 

 
Fly Erbil Advertisment