یەكێتی ئەوروپا: ئەگەر توركیا واز لە كردەوه‌كانی نەھێنێت ئامادەین سزاى بەسەردا بسەپێنین

رێككەوتین لە سەر پەلەكردن لە ئامادەكردنی لیستی دیكەی "سزاكان"

K24 -  ھەولێر:

ھەر حەوت دەوڵەتی ئەوروپایی سەر دەریای ناوه‌ڕاست لە كۆتایی لوتكەكەیاندا لە بارەی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست جەختیانكردەوە لە سەر ئامادەبوونیان بۆ سەپاندنی سزاكان بەسەر توركیادا؛ ئەگەر لە "كردەوە یەك لایەنەكان"ی پاشگەز نەبێتەوە لە ناوچەكەدا. 

دەوڵەتانی ئەورپایی ئەندام لە كۆمەڵەی "مید 7" لە راگەیاندراوی كۆتایی لوتكەكەیاندا، كە لە رۆژی پێنجشەممە لە دورگەی "كۆرسیكا"ی فرەنسا ئەنجامدرا، جەختیانكردەوە لە سەر پشتیوانی تەواویان و پشتگیریكردنیان لە قوبرس و یۆنان لە "رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر سەروەری و مافە سەروەرییەكانی ئەو دوو وڵاتە".

كۆمەڵەكە داوای لە وڵاتانی دەریای ناوەڕاست كرد رێز لە یاساكانی نێودەوڵەتی بگرن، بە تایبەتی یاسای دەریایی نێودەوڵەتی و ھانیشیدان بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بە رێگای گفتوگۆ و دانووستاندنەوە.

سەركردەكانی ھەر حەوت دەوڵەتەكە پێشوازییان لە ھەوڵەكانی یەكێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا كرد بۆ دەستپێكردنی دانوستان لە نێوان یۆنان و توركیادا سەبارەت بە پرسی ناوچەی دەریایی.

جەختیشیانكردەوە لەسە چارەسەركردنی پرسەكانی پەیوەست بە دەستنیشانكردنی سنووری ناوچەكانی ئابووری و لێواری كیشوەری لە رۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاستدا لە میانی گفتوگۆدا و بەگیانێكی نیازپاكانە لەگەڵ رێزگرتنی تەواو لە یاسای نێودەوڵەتی و بنەمای ھاوسێیەتی باش.

سەركردەكانی وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست، نیگەرانی خۆیان دەربڕی لە" گوێنەدانی توركیا بەو بانگەوازانەی یەكێتی ئەورووپا  بۆ كۆتاییھێنان بە چالاكییە یەك لایەنی و نایاساییەكانی خۆی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەریای ئیجەدا".

گوتیشیان: "دووپاتی سووربوونی خۆمان دەكەینەوە لە سەر بەكارھێنانی ھەموو ئامرازێكی دەستەبەر لە بەردەم یەكێتی ئەورپا بۆ وڵامدانەوەی ئەو گرژی زیادكەرانەی توركیا و رێككەوتین لە سەر پەلەكردن لە ئامادەكردنی لیستی دیكەی سزاكان".

ھەروەھا گوتیان: "لە ئەنجامی نەبوونی ھیچ پێشكەوتنێك لە لایەن توركیاوە بۆ چوونە ناو دانوستان و لە حاڵەتی رانەگرتنی چالاكییە یەك لایەنەكانی، یەكێتی ئەوروپا ئامادەیە لیستێكی دیكەی بەربەستیی بۆ دانێت و لە ئەنجوومەنی ئەوروپایی لە رۆژانی 24 و 25 ئەیلولی 2020 گفتوگۆ و تاوتوێ بكرێت.