کۆبوونەوەی ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی دەستی پێکرد
کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە دەستی پێکرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو شاندەی دەم پارتی، کە بە شاندی ئیمراڵی ناسراوە، بەشداری کۆبوونەوەکەن و پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گفتوگۆ دەکەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و ئەفکان عەلا، جێگری سەرۆکی پارتی دادوگەشەپێدان (ئاکەپە) ئامادەی کۆبوونەوەکەن.
کۆبوونەوەکەش دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوە دەچێت و چاوەڕێ دەکرێت، دوای تەواو بوونی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاو بکرێتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 6ی تەممووزی 2025، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و ئەندامێتی میدحەت سانجار و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکیی زیندانیکراوی پەکەکەیان کرد.
هەروەها بڕیارە لەم هەفتەیەدا هەم ئۆجەلان پەیامێکی دیکەی هەبێت، هەم ژمارەیەک لە چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە بەرچاوی میدیاکانەوە چەکەکانیان دابنێن.