خراپی شەقام و ڕێگاکانی دیوانیە نیگەرانی لەلای هاووڵاتییانی شاره‌كه‌ دروستکردووە

فولکەیەکی سووڕانەوه‌ لە شەقامی 60 مه‌تری له‌ ناوەڕاستی دیوانیە، بووه‌تە بابەتێکی بەربڵاوی سۆشیالمیدیای عێراق و هاووڵاتییان کۆمێنتی گاڵتەجاڕانە و ڕەخنەی بەربڵاو دەگرن بەهۆی خراپی پلاندانان و جێبەجێکردنی کارەکان لە لایه‌ن به‌رپرسانی خۆجێیی شاره‌كه‌یان. 

دووشەممە، 7ـی تەمووزی 2025، هاووڵاتییانی دیوانیە، قسەیان بۆ کوردستان24 کرد و گوتیان: فولکەکان بە تەواوەتی تۆز و خۆڵن و وێرانەن، چەندین کێشەیان هەیە، بەڕاستی دۆخەکە خراپە و دیوانییە وێرانەیە، وەک بێ =باکی بەرپرسان، فولکەکان بوونه‌تە شوێنی کات بەسەربردن، بۆ خۆشی دێین و لەم شوێنانە کات بەسەر دەبەین، کورسی لێ دادەنێین و دادەنیشین، دیوانییە بەم فولکەیە ده‌ناسرێتەوە.

دیوانییە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە چەندین لایەنەوە دۆخی هاووڵاتییانی زۆر خراپە و بەدەست کەمی خزمەتگوزاری دەناڵێن، ئەم گەڕەکەی دیوانیەش لە نێو ئەو 42 گەڕەکەیە کە بەرپرسانی دیوانیە لە چەند مانگی ڕابردوو ڕایانگەیاندووە نۆژەنییان دەکەنەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هەنگاوی جیددی بۆ نەنراوە.