قەتەر: دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاگربەست، کاتی زیاتری پێویستە

سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، دانوستانە بەردەوامەکانی دەوحە لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە "کاتی زیاتری دەوێت".
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، گەڕێکی نوێی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە دەوحە دەستی پێ کرد بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕێ غەززە، ماجد ئەنساریش گوتی: ماوەی سێ ڕۆژە گفتوگۆکان بەردەوامە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن، ماجد ئەنساری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەوحە ڕایگەیاند، پێموانییە ئێستا بتوانم کاتێکی دیاریکراو بڵێم، بەڵام دەتوانم بڵێم کە کات دەخایەنێت.
قەتەر هاوشانی ئەمەریکا و میسر، لە سەرەتای ڕۆژانی شەڕەوە کە لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 سەریهەڵدا، نێوەندگیری دانوستانەکانی کردووە کە ئامانجیان ئاگربەستە لە غەززە.
گوتیشی، هێشتا هەردوو شاندەکە ڕاستەوخۆ دانوستان ناکەن، بەڵکو لەگەڵ هەر لایەنێک گفتوگۆی جیا دەکەین، سەبارەت بە چوارچێوەی دانوستان و گفتوگۆکان، بۆیە هێشتا دانوستانەکان دەستی پێ نەکردووە، بەڵام لەگەڵ هەردوولا کاردەکەین بۆ دیاریکردنی چوارچێوەی دانوستانەکان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕوونیکردەوە "پەیوەندییەکی ئەرێنی" هەیە و بەردەوام بوونی دوو تیمی دانوستانکار لە قەتەر، نیشانەیەکی باشە.
دوو سەرچاوەی فەڵەستینی ئاگادار لە گفتوگۆکان پێشتر بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندبوو، ڕێککەوتنە پێشنیازکراوەکە ئاگربەستێکی 60 ڕۆژە لەخۆدەگرێت، لەو ماوەیەدا حەماس 10 زیندانی زیندوو ئازاد دەکات و ژمارەیەک تەرمیش ڕادەست دەکاتەوە، لە بەرانبەر ئازادکردنی ئەو فەڵەستینیانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، بزووتنەوەئ حەماس داوای هەندێک مەرجیش دەکات بۆ کشانەوەی ئیسرائیل، دەبێت گەرەنتی ئەوە بکرێت شەڕ لە کاتی دانوستانەکاندا دەست پێ نەکاتەوە، هەروەها سیستەمی دابەشکردنی هاوکارییەکانیش بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەست پێ بکاتەوە.