شنگالییەکان داوا دەکەن منداڵەکانیان لە دەستی پەکەکە رزگار بکرێن
پەكەكە چەندین منداڵی ئێزدییەكانی رفاندووە
K24 - دھۆك
پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) دەیان منداڵی ئێزدی لە شنگال رفاندووە و کەسوکاری منداڵەکانیش داوا لە حکومەتی عێراق و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن بەهانایانەوە بچن و منداڵەکانیان لە دەستی پەکەکە رزگار بکەن.
بە گوتەی کەسوکاری منداڵە رفێندراوەکان بەشێک لە منداڵەکان دوای هەڵاتنیان لەژێر دەستی پەکەکە، جارێکی دیکە لەلایەن پەکەکەوە رفێندراونەتەوە.
بەهار کۆچەک، دایكی یەكێك لەو منداڵانەیە كە لەلایەن پەكەكە رفێندراوە، ئەو دەڵێ: "نەك ھەر رێگە نادەن كوڕەكەمان ببینین، بەڵكو ناھێڵن بە تەلەفۆنیش قسەی لەگەڵ بكەین".
كەسوكاری ئەو منداڵانەی لەلایەن پەكەكە رفێندراون لە شنگال داوا دەكەن ھەرچی زووە لایەنە پەیوەندیدارەكان كار بكەن بۆ رزگاركردنی منداڵەكانیان.
ئالیا حەمۆ، دایكی یەكێكی دیكەیە لە منداڵە رفێندراوەكانە و دەڵێت: "داوا لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەین، منداڵەكانمان رزگار بكەن، پەكەكە پێیان ناخۆشە كە ئێمە سۆراغی منداڵەكانمان دەكەین".
دەشڵێت: "ئەوان ھاتووچۆی ماڵەكانی ئێمەیان دەكرد، نەمانزانی منداڵەكانمان دەڕفێنن، ئێستاش ھیچ ھەواڵێك لەبارەی منداڵەكانمان نازانین".
سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە كوردستان24ی گوت: "بوونی پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شنگال، بووەتە مەترسی و ھۆكار، بۆ ئەوەی خەڵكی شنگال نەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
گوتیشی: "ئیدارەی ئێستای شنگال، ئیدارەیەكی نا شەرعییە و ئێمە بە ھیچ شێوەیەك مامەڵەیان لەگەڵ ناكەین، داواشمان لە حكومەتی عێراق كردووە، چارەسەری ئەم كێشەیە بكات، بەڵام بەداخەوە تائێستا ھیچ نەكراوە".
پەیوەست بە دۆخی شنگال ئەمڕۆ 14/9/2020، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان و جێگری پارێزگاری نەینەوا. مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال رایگەیاند: "زیاتر لە 80%ی خەڵكی شنگال ئاوارە بوون و حكومەتی ھەرێمی كوردستان گرنگی زۆری بە خەڵكی شنگال داوە، بەڵام ئێستا دۆخی شنگال لەبار نییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، باری ئەمنی شنگال باش نییە".
گوتیشی: "پێویستە ھێزە ناشەرعییەكان لە شنگال دووربخرێنەوە، بۆ ئەوەی دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە و خەڵك بتوانێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
ھاوكات سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا ئەوەی خستەڕوو: "تائێستا تەنھا 20%ی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە شنگال".