وادەی کۆتایی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاری کرا

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تەمموزی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای سلێمانی ئەمشەو کاتژمێر 12ـی شەو تەواو دەبێت.
نەوزاد شێخ کامیل، دەشڵێت: وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای هەولێر 15ـی تەمموز کاتژمێر 12 شەو تەواو دەبێت. کۆی پڕۆسەکە لە 20ـی تەمووز کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەش دا، کۆی گشتیی گەنمی جووتیارانی لە هەرێمی کوردستان 367 هەزار تەن وەرگیراوە، 33 هەزار تەن گەنم دەمێنێت لەماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا، ئەوەی ماوە وەردەگیرێت.
ڕاشیگەیاند "ئەوەی دەمێنێت دوو کۆمپانیامان ڕاسپاردووە " قەیوان و خۆشناو" تەنی بە نرخی 525، هەزار دینار لە جووتیاران وەر بگرن.
10ـی حوزەیرانی 2025، دەرگای سایلۆکان بەڕووی جووتیارانی هەرێم بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرایەوە.
ئەمساڵ سایلۆ نوێیەکان هاوشان لەگەڵ سایلۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، گەنم وەردەگرن، وەک قوشتەپە، گەرمیان و ڕوڤیا.
بۆ ئەمساڵ، بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەردەگرێت، حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی هاوشێوەی جووتیارانی عێراق، گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، بەپێی ئەو پلانەی بۆ خۆیان دایانناوە.
ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بڕیارە حکوومەتی عێراق ئەمساڵ تەنها 400 هەزار دۆنم گەنم وەربگرێت، لە کاتێکدا گەنمی کوردستان زۆر لەو بڕە زیاترە و کاریگەریی نەرێیی لەسەر بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دروست کردووە.