ڕوونکردنەوە لەبارەی کوژرانی هاووڵاتییەک لەسەر سنووری عێراق-کوەیت دەدرێت

بەشێک لە پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە، پاسەوانانی سەر سنووری کوەیت تەقەیان لە ژمارەیەک هاووڵاتی عێراقی کردووە، لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک گیانی لە دەست داوە و یەکی دیکەش بریندار بووە. بەڵام ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕەتی کردەوە ڕووداوێکی لەم شێوەیە ڕوویدابێت.
یەکشەممە 13ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕەتی کردەوە، کە هیچ هاووڵاتییەکی عێراقی لەسەر سنووری وڵاتەکە-کوەیت، لە لایەن هێزی پاسەوانی سنووری کوەیتەوە کوژراو و بریندار بووبێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەمن و ئاسایشی دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و کوەیت پارێزراوە و تا ئێستا هیچ ڕووداوێکی لەو شێوەیە ڕووینەداوە.
هاوکات وەزارەتەکە، داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، کە خۆیان بە دوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، بەڵکو بۆ دەستکەوتنی زانیاری پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.
ئەم ڕاگەیاندراوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوای ئەوە هات، کە بەشێک لە پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایانگەیاندبوو، پاسەوانانی سەر سنووری کوەیت تەقەیان لە ژمارەیەک هاووڵاتی عێراقی کردووە، لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک گیانی لە دەست دا و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.