چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پرسی ناوخۆیی و ناوچەیی کۆبببنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئەمڕۆ کاتژمێر 5:00 ـی ئێوارە، چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی سوودانی لە سەر پرسی مووچە کۆدەبنەوە.
سەرچاوەیەک بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بوونی هێزەکانی تورکیا لە عێراق لە دوای چەکدانانی پەکەکە، دووبارە بوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هەروەها پرسی بەردانەوەی ئاوی تورکیا بۆ ناو عێراق و تاوتوێ دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، دادگای فیدراڵی لەسەر سێ تەوەر دەستی بە کۆبوونەوە کرد، کە ئەوانیش کێشەی سەرۆکایەتییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی عێراق، سکاڵای فەرمانبەران لەسەر پرسی ڕاگرتنی مووچە و تێکەڵ نەکردنی مووچە بە کێشە سیاسییەکان.
دوای دەست پێ کردنی کۆبوونەوەکە بڕیاربوو لەدوای یەکلایی کردنەوەی کەیسی یەکەم، بڕیاری وەلائی بۆ مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربکرێت، بەڵام دادگا کۆبوونەوەکەی بۆ 28-7-2025 دواخست.
بڕیاریشە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، بۆچوونی خۆیان لە سەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنە ڕوو.