ژمارەی مردووانی لافاوەکەی تێکساس گەیشتە 131 کەس

ژمارەی مردووانی لافاوەکەی ویلایەتی تێکساس بەرزبووەوە بۆ 131 کەس، هێشتا زیاتر لە 95 کەسیش بێ سەروشوێنن، هەروەها دەسەڵاتدارانی ناوچەکەش هۆشداریی بارانێکی دیکەی بەخوڕ دەدەن.
دەستەی کەشوهەوای نیشتمانی ئەمەریکا هۆشداری دا، ئەگەری بارانێکی بەخوڕ دوای 10 ڕۆژی دیکە لە ناوەڕاستی تێکساس هەیە، کە لە ڕیۆ گراندی ڕۆژهەڵاتەوە تاوەکوو سان ئەنتۆنیۆ ئۆستن درێژ دەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بارانێکی بەخوڕ لە 4ـی تەممووز باریی و 131 بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
هێشتا تیمەکانی گەڕان بەدرێژایی ڕووباری گوادالوپی بەدوای قوربانیان دا دەگەڕێن، ئامۆژگاری دانیشتوانی ناوچەکەشیان کرد، بچنە شوێنێکی بەرزتر لە شوێنەکانی خۆیان، تاوەکوو ئەو هەڕەشەیەی هۆشداریی لەبارەوە دراوە، تێدەپەرێت.
گرەیگ ئابۆت، پارێزگاری ویلایەتی تێکساس ڕایگەیاند، لە 4ـی تەمموزەوە تا ئێستا لانیکەم 131 کەس بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە، گوتیشی: زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لە شاری کێرڤیل و دەوروبەری بووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا 97 کەس لە ناوچەی کێرڤیل بێسەروشوێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتداران هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، زیاتر لە 160 کەس بێسەروشوێنن.