توركیا زۆرترین دۆشاوی تەماتە هەناردەی عێراق دەكات

لە ھەشت مانگدا عێراق بە بڕی 60 ملیۆن دۆلار دۆشاوی تەماتەی لە تورکیا هاوردە كردووە

K24 - ھەولێر

کۆمەڵەی هەناردەکارانی ئۆلوداغی تورکیا رایگەیاند، لە هەشت مانگی رابردوودا، زۆرترین بڕی دۆشاوی تەماتە هەناردەی عێراق کراوە.

کۆمەڵەکە رایگەیاندووە، کۆی هەناردەی دۆشاوی تەماتە لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 93 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار، و تورکیا دۆشاوی تەماتەی هەناردەی 99 وڵاتی جیهان کردووە.

لە داتاکانی کۆمەڵەکەدا هاتووە، عێراق لە پلەی یەکەمی هاوردەکارانی دۆشاوی تەماتەی تورکییە و رێژەکەی گەیشتووەتە 63.35% کە بە بڕی 59 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار دۆشاوی تەماتەی لە وڵاتەکە هاوردە کردووە.

لە پلەی دووەمیشدا ئەڵمانیا دێت کە بە بڕی 9 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار دۆشاوی تەماتەی لە تورکیا هاوردەکردووە.

کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەداوە، تورکیا یەکێکە لە لیستی 10 وڵاتانی جیهان لە رووی داهاتی کشتوکاڵییەوە، کە تێکڕای هەناردەی تورکیا لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە 8 مانگی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 102 ملیار و500 ملیۆن دۆلار.