لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، داوایەک ئاراستەی تەیف سامی دەکات

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە دواکەوتنی ناردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2025 بۆ پەرلەمان، یەکشەمەی داهاتوو بانگهێشتی تەیف سامی، وەزیری دارایی وڵاتەکە دەکات.
چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو میوانداری وەزیری دارایی دەکرێت.
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوە کرد، لەگەڵ تەیف سامی تاوتوێی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2025 دەکەین، کە بۆچی تا ئێستا خشتەکە ڕەوانەی پەرلەمان نەکراوە.

شەممە 12ـی تەممووزی 2025، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە نووسراوێکدا داوای لە وەزیری دارایی عێراق کردبوو پەلە بکات لە ناردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2025 بۆ پەرلەمان
لە نووسراوەکەدا هاتبوو، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (77/دووەم) لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025)، دەبوو پێش کۆتاییهاتنی ساڵی ڕابردوو، خشتەکانی بودجە بۆ پەرلەمان بنێردرابووایە.
