یەکێتیی ئەورووپا سەرکۆنەی گرژییەکانی سووریا دەکات
یەکێتیی ئەورووپا سەرکۆنەی گرژییەکانی سووریا دەکات و داواش لە هەموو لایەک دەکات، بە ئاگربەست پابەند بن و دەست لە گوتاری تائیفی هەڵگرن.
چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، یەکێتیی ئەورووپا، لەبارەی ناکۆکییەکانی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ڕاپۆرتمان پێ گەیشتووە ناکۆکییەکانی ناوچەی سوەیدا لە سووریا بەردەوامە و ژمارەیەک زۆر کەس بوونەتە قوربانی، ئێمە بە توندی هەموو هەوڵێکی توندوتیژی دژی هاووڵاتییانی مەدەنی سەرکۆنە دەکەین.
یەکێتیی ئەورووپا داواش لە هەموو لایەک دەكات بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی بەبێ جیاوازی، دەستبەجێ ئەو ڕێککەوتنە ئاگربەستە جێبەجێ بکەن کە دوێنێ کراوە و کۆتایی بە گوتاری توندی تائیفی بێنن.
یەکێتیی ئەورووپا باس لەوەش دەکات، حکوومەتی سووریا لە چارەکردن و دامرکاندنەوەی کێشەکان بەرپرسیارە و دەبێت لێکۆڵینەوە لە تاوانبارەکان بکات و هەنگاو بەرەو یەکگرتنەوەی سووریا بنێنن. هاوکات ئامادەیی خۆیشی بۆ هەموو هاوکارییەک پیشان داوە.
هەروەها داواش لە ئیسرائیل و هەموو لایەک دەکات ڕێز لە سەروەری و یەکگرتوویی خاکی سووریا بگرن.