تونجەر باکرهان: دەمیرتاش پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی دووپاتکردەوە

ئەمڕۆ شاندێکی پارتی یه‌كسانی و دیموكراسیی گه‌لان (دەم پارتی) سەردانی سەڵاحەددین دەمیرتاش کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، دەمیرتاش پشتگیری تەواوەتی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی دوپاتکردەوە.

پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، تونجەر باکرهان و توڵای هاتیمئۆغڵولاری، هاوسەرۆکانی دەم پارتی سەردانی زیندانی ئەدرنەیان کرد و لەگەڵ سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کۆبوونەوە، دوای سەردانەکە تونجەر باکرهان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەمیرتاش تەندروستیی زۆر باشە و سڵاو و خۆشەویستی خۆی بۆ ئەوانە نارد کە هەوڵ بۆ ئاشتی دەدەن.

تونجەر باکرهان گوتی: دەمیرتاش ڕایاگەیاندووە، بەدواداچوون بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکات و دەخوازێت پرۆسەکە بە بەئەنجام بگات، جەختیشی کردەوە بۆ ئەم مەبەستە کاردەکات.

 باکرهان ئاماژەی بەوە دا، پێویستە ئەوانەی بەهۆی دۆسیەی کۆبانێ زیندانی کراون ئازاد بکرێن و بەشداری لە پرۆسەی ئاشتی دا بکەن، هەروەها دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاش، داوای ئازدکردنی دەمیرتاش دەکات.

هاوسەرۆکی دەم پارتی، هەروەها باسی لەوە کرد، سەڵاحەددین دەمیرتاش پێشنیار و ڕەخنەکانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی بە ئێمە گەیاند.

هاوکات، میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، سبەی هەینی، 18ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت لەم کۆبوونەوەیەدا، هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ ڕێکار و بنەماکانی کۆمسیۆنەکە بکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment